Kurd Day
Kurd Day Team

بڵند عه‌بدوڵا: له‌سه‌ره‌تادا گۆرانی وتن به‌لامه‌وه موجازه‌فه‌یه‌كی گه‌وره بوو
له‌منداڵییه‌وه خولیای هونه‌ری هه‌بووه، به‌ڵام پێشبینی نه‌كردووه رۆژێك له‌ڕۆژان ببێته گۆرانیبێژو له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنیش به گۆرانی وتن ئه‌و كاره‌ی به “موجازه‌فه‌یه‌كی گه‌وره”زانیوه، به‌ڵام له‌به‌رنامه‌یدایه وه‌كو پێشكهشكارو ئه‌كته‌ریش ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و كه‌سه‌ش هونه‌رمه‌ند “بڵند عه‌بدوڵا”یه.
له‌مانگی رابردودا هونه‌رمه‌ند بڵند سێیه‌مین ئه‌لبومی خۆی به‌نێوی (Father) (بابه) بڵاوكرده‌وه كه دوانزه به‌رهه‌می له‌خۆگرتووه‌و به‌رهه‌مێكیشی پارچه موزیكه، به وته‌ی خۆی هه‌وڵیداوه گۆڕانكاری بكات له‌كاری هونهریداو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ماوه‌ی سێ ساڵ‌و نیوه كاری بۆ دهكاتو ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی گوێی لێگرتبێت ده‌زانێت ماندبوونی پێوه دیاره”له‌باره‌ی جیاوازییهكانیشهوه ده‌ڵێت “جیاوازییه‌كان زۆرن، چونكه هه‌وڵمداوه زۆربه‌ی مهقامهكانم به‌كارهێناوه وه‌كو (بهیاتو حیجازو عهجهمو نههاوهندو مه‌قام كورد)دا كارم كردووه‌و له‌ڕوی موزیكیشه‌وه به‌ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی باشتر كارم بۆ كردووه”.
بڵند عه‌بدوڵا له‌یه‌كه‌مین چاوپێكه‌وتنیدا له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌لبومه‌كه‌ی، له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری (ئاوێنه‌كان) به‌وردی باس لهنێوهڕۆكی ئهلبومهكهیو ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌كات كه هه‌تا ئێستا باسینهكردوون.
ژیانی منداڵی…
به‌هۆی بارودۆخی سیاسی خێزانه‌كه‌یه‌وه، له‌ساڵی (1975) خانه‌واده‌ی بڵند عه‌بدوڵا كۆچیان پێكراوه بۆ شاری رومادی له‌باشوری عێراق‌و له‌ساڵی (1978) له‌دایكێكی شهقڵاوهییو باوكێكی زاخۆیی هاتۆته دنیاوه‌و پاشان به‌هۆی لێبوردنێكی گشتییه‌وه خانه‌واده‌كه‌ی هاتونه‌ته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر.
بڵند له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڕه‌كی شۆڕش نیشتهجێبونو وه‌كو خۆی باسیده‌كات منداڵێكی هێمنو ئارام بووم‌و زانیویه‌تی چۆن هاوڕێكانی هه‌ڵده‌بژێرێ، به‌هۆی فراوانیی بیركردنه‌وه‌ی خانهوادهكهشیهوه هه‌لی باشتری بۆ هه‌ڵكه‌وتوه بۆ په‌ره‌پێدانی تواناكانی، ئه‌و، حه‌زی له‌تۆپی پێ‌و موزیك بووه‌و ئاره‌زوی گۆرانی وتنیشی هه‌بووه، بۆیه هونه‌رمه‌ندی كۆچكردووی كورد (ته‌حسین ته‌ها) كه دۆستی باوكی بووه‌و داوای لێكردووه كه خۆی فێری ئامێرێكی موزیك بكات‌و ئه‌ویش له‌ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵییه‌وه ده‌ستیكردووه به‌فێربونی ئامێری (كه‌مانچه)، هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌شدا له‌چالاكی قوتابخانه‌كان لای مامۆستا (لوقمان جه‌وهه‌ر)و دواتریش لای مامۆستا (ره‌نجبه‌ر خۆشناو)و مامۆستا مه‌جید به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی فێری موزیك بووه‌و به‌و شێوه‌یه‌ش تا ساڵی (1991) به‌رده‌وام بووه‌و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا به‌ره‌و وڵاتی سوید رۆیشتون. ئه‌و، حه‌زی بهتێكهڵاوبوون كردووه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بۆ یاری كۆڵان، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی خولیای موزیك بووه بۆیه لههاوینانیشدا هه‌موو به‌یانییه‌ك رۆیشتووه بۆ فێربونی ئامێری (كه‌مانچه) له‌و روه‌شه‌وه باسی بیره‌وه‌رییه‌كی كرد‌و وتی “له‌بیرمه به‌یانیان به‌دوو پاس ده‌ڕۆیشتم بۆ پڕۆڤه‌كردن، شۆفێری پاسهكانو زۆربه‌ی خه‌ڵكیش تانه‌یان لێده‌دام، چونكه ئامێری كه‌مانچه‌كه به‌قه‌د باڵای خۆم بوو، بۆیه زۆریش دهترسامو لێیان ده‌پرسیم ئه‌وه چییه پێته‌و ده‌یانوت ئۆهۆۆۆۆ دیسان هاته‌وه بهدههۆڵو زوڕناوه”.
قۆناغی ده‌ره‌وه‌ی وڵات…
قۆناغێكی دیكه‌ی ژیانی ئه‌م هونه‌رمه‌ندو پزیشكی ده‌رمانسازییه له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه، رۆیشتنی خێزانه‌كه‌یه‌تی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و گیرسانهوهیانه له‌وڵاتی سوید، بۆیه ئه‌وروپا بوه‌ته وێستگه‌یه‌كی گرنگ له‌ژیانیدا كه بتوانێت له‌ڕوی خوێندن‌و موزیكه‌وه خۆی پێبگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا گرفتی زمانی دووه‌میان هه‌بوووه له‌و روه‌شه‌وه هه‌وڵێكی زۆری داوه‌و له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا توانیویه‌تی زمانی سویدی فێر ببێت‌و هه‌مانكاتیش مامۆستاكانی كه زانیویانه خولیای موزیكی هه‌یه یارمه‌تییه‌كی باشیان داوه.
به‌و پێیه‌ی خانه‌واده‌ی بڵند گرنگییه‌كی زۆریان داوه به‌خوێندن، چونكه باوكی كاریكردووه له‌بواری تهندروستیو براو خوشكه‌كانیشی خاوه‌نی بڕوانامه بوون، بۆیه ئامانجێكی سه‌ره‌كی ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی بووه‌و هه‌ر له‌منداڵیشه‌وه حه‌زی له‌بواری ده‌رمانسازی بووه ئه‌وه‌ش به‌هۆی كاریگه‌ری پیشه‌كه‌ی باوكی، بۆیه له‌ساڵی (2000) ده‌ستیكردوه به‌خوێندن له‌زانكۆی (ئۆپساله)و له‌ساڵی (2006)دا بڕوای ماسته‌ری به‌ده‌ستهێناوه‌و به‌رده‌وامیش بووه لهموزیكو له‌هه‌مانكاتدا پێنج ساڵیش سه‌رقاڵی یاری باله بووه، هه‌ر له‌كاتی خوێندنهكهشیدا دوو ئه‌لبومی بڵاوكردوهتهوهو له‌و روه‌شه‌وه ده‌ڵێت “ئێستاش نازانم چۆن توانیم ئه‌و دوو كاره تێكه‌ڵ بكه‌م‌و دوو ئه‌لبومیش به‌رهه‌م بهێنم؟”.
سه‌ره‌تای گۆرانی وتن…
ئه‌م موزیسیانه له‌ساڵی 2002و له‌ناكاو به‌گۆرانی (پێمه‌كه‌نه) وه‌كو گۆرانیبێژ دهركهوتو توانی ناوبانگێكی باش بۆ خۆی بهدهستبهێنێتو خۆیشی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی به‌گۆرانی وتن به “موجازه‌فه‌یه‌كی گه‌وره”ناوده‌بات، به‌ڵام ئه‌و، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه حه‌زی به گۆرانی وتن بووه‌و له‌ئاهه‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش كه وڵاتی سوید كراون‌و وه‌ك موزیسیانو دابه‌شكاری موزیك‌و سۆڵۆی كه‌مان بهشداریكردوهو وه‌كو كۆرسیش گۆرانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كان وتوه‌ته‌وه‌و پێیان وتوه “ده‌نگت خۆشه”.
هونه‌رمه‌ند (زیاد ئه‌سعه‌د) پێگه‌یه‌نه‌ری سه‌ره‌كی بڵند بووه بۆ بونی به گۆرانیبێژ، چونكه گۆرانی (پێمه‌كه‌نه) كه بڵندی پێناسرا، هۆنراوه‌و ئاوازی زیاد بووه، بۆیه كاتێك بڵندو دیدهنو زیاد ویستویانه ئه‌و ئه‌لبومه بۆ زیاد ئه‌سعه‌د تۆمار بكهنو كاتێكیش بڵند گوێی له‌و گۆرانییه بووه كه‌مێكی وتوه‌و زیادیش به‌لایه‌وه باش بووه بۆیه ئه‌و گۆرانییه‌ی داوه به بڵند، به‌ڵام له‌و كاته‌دا بڵند ترسی شكستهێنانیشی هه‌بووه، به‌ڵام دواتر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌و وتی “ئێستاش سوپاسی هونه‌رمه‌ند كاكه زیاد ئه‌سعه‌د ده‌كه‌م كه یه‌كه‌م كه‌س بوو هانیدام بۆ گۆرانی وتن”.
هه‌رچه‌نده له‌كوردستان بڵند به‌و گۆرانییه ناسرا كه له‌ئه‌لبومی (بێریڤانو لێجانێ) بوو، به‌ڵام به هۆی نه‌بونی هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له‌و كاته‌دا كه ساڵی 2002 بوو، بۆیه شه‌ش مانگ دوای ئه‌وه بڵند لهئاههنگهكانهوه زانیویه‌تی گۆرانییه‌كه‌ی ناوبانگی ده‌ركردووه‌و وتی “سه‌ره‌تا هه‌ستم پێنه‌كرد، دوای چه‌ند مانگێك كه ده‌چوینه ئاههنگهكانو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو كاكه ئه‌رده‌ڵان له‌ئه‌ڵمانیا ئاهه‌نگمان هه‌بوو له‌وێ خه‌ڵكه‌كه ده‌هاتن بۆ لام، ئینجا زانیم گۆرانییه‌كه ناوبانگی ده‌ركردووه”.
خۆشه‌ویستی بۆ موزیك به‌رده‌وامه…
له‌و سێ به‌رهه‌مه‌ی بڵند، یه‌كه‌مین تراك، به‌رهه‌می به پارچه موزیكێك ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ پیشه‌ی یه‌كه‌می كه سه‌ره‌تا موزیسیان بووه‌و خۆشه‌ویستیشی بۆ ئامێری كه‌مانچه، له‌هه‌مانكاتیشدا مه‌به‌ستیه‌تی خاوه‌نی ستایڵی خۆی بێت‌و ده‌ڵێت “هه‌میشه وتومه مۆسیقارێكی گۆرانیبێژم”.
بڵند پێیوانییه كه هونه‌رمه‌ند له‌هه‌موو ستایڵه‌كان گۆرانی بڵێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌پێی ستایڵی خۆی كار بكات، سه‌باره‌ت بهنهوتنی گۆرانی سۆرانی به‌شێوه‌ی “خێرا”و وتنی ئه‌و گۆرانییانه به بادینی، وتی “هه‌ستده‌كه‌م به بادینی ده‌توانم جوانتر ئه‌دای گۆرانی خێرا بكه‌م، به‌ڵام به سۆرانی بیڵێم كه نه‌توانم به جوانی ئه‌دای بكه‌م‌و ناشمه‌وێ گۆرانییه‌كه تێكبده‌م”.
بڵند له‌ماوه‌ی بونی به گۆرانیبێژ ته‌نها سێ ئه‌لبومی ده‌ركردووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی سه‌رقاڵبونی به خوێندن‌و كاركردنییه‌وه، چونكه به وته‌ی خۆی له‌كاتی خوێندندا دوو ئه‌لبومم ده‌ركردووه‌و كاتێكیش ده‌رچووه كه‌وتوه‌ته نێو دنیای ئیشكردن‌و پێویستیش بووه ئیش بكات بۆئه‌وه‌ی لهبوارهكهیدا به‌شێوه‌ی پراكتیكی كار بكات، بۆیه ئیلتیزاماتی قورس‌تر بووه، بۆیه هه‌وڵیداوه ورده ورده كار بكاته‌وه‌و ده‌شڵێت “زۆریی‌و بۆریم پێ‌باش نییه، به‌ڵكو پێم باشه جه‌ماوه‌ر تینوو بێت بۆ به‌رهه‌می هونه‌ریی”.
كلیپه‌كان چیرۆكیان له‌پشته…
سه‌رجه‌م كلیپه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده چیرۆكێكیان له‌پشته كه ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌و ستایڵانهی كه بڵند دهیهوێو هه‌میشه‌ش خۆی سیناریۆ بۆ كلیپه‌كانی ده‌نوسێت، له‌م چاوپێكهوتنهشدا بۆ یه‌كه‌مجار ده‌ڵێت كه هونه‌رمه‌ند “ئه‌رده‌ڵان”به هێلیكۆپته‌ر كلیپی كردووه‌و وتی “له‌م ماوه‌یه‌دا زۆر وترا كه چ هونه‌رمه‌ندێك بۆ یه‌كه‌مجار به هێلیكۆپته‌ر كلیپی كردووه.
بۆ شاهیدی ده‌یڵێم یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند كه به هێلیكۆپته‌ر گۆرانی كوردی كلیپ كرد ئه‌رده‌ڵان بوو له‌ویلایه‌تی كالیفۆرنیا له‌ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی 1997 بۆ 1998 كردی، پاشان من كردم بۆ گۆرانی بێریڤان له 2002، منیش ده‌مویست كارێكی جوان بكه‌م”.
كۆچی باوكی‌و هه‌ژاندنی خێزانه‌كه‌ی…
له‌ساڵی 1997دا روداوێكی ناخۆش به‌رۆكی خانه‌واده‌ی بڵند ده‌گرێ له‌وڵاتی سوید ئه‌ویش كۆچی دوایی باوكیان بووه به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی سییهكانو هه‌مویانی روخاندووه، به‌ڵام بڵند هه‌وڵیداوه خۆی به‌هێز رابگرێ‌و ده‌ڵێت “چونكه مه‌جبور بوین ئه‌و راستییه قبوڵ بكه‌ین كه باوكمان لامان نه‌ماوه، به‌ڕاستی باوكم زۆر گه‌وره بوو، وه‌ك هاوڕێ بوو لهگهڵمانو په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ خزمه‌كانمان له‌زاخۆ هه‌بوو”، هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی باوكیشی وای لهبڵند كرد كه گۆرانییه‌ك بۆ باوكی بڵێت‌و ته‌نانه‌ت ئه‌لبومێكیش بكات به‌ناویه‌وه‌و ده‌ڵێت “زۆرم پێباشبوو گۆرانییه‌ك پێشكه‌شی باوكم بكه‌م‌و سیدییهكهشم به‌ناوی بابه كردووه، جگه له‌وه‌ش كلیپ بۆ گۆرانییه‌كه‌ش ده‌كه‌م‌و سیناریۆیه‌كی باشمان بۆ داناوه، چونكه گۆرانییه‌كه باسی ژیانی خۆم ده‌كات بۆیه جارێ بڕیارم نه‌داوه له‌كوێ كلیپی بۆ بكه‌م”.
نێوه‌ڕۆكی گۆرانییه‌كان…
گۆرانی (مه‌یسوتێنه) یه‌كێكه له‌گۆرانییه رابردوهكانی بڵند كه له‌م ئه‌لبومه‌دا دایناوهتهوهو مه‌به‌ستیشی ئه‌وه بووه كه دوپاتی بكاته‌وه له‌وه‌ی هه‌ندێك میدیای كوردی به‌هه‌ڵه تێگهیشتونو كلیپه‌كه‌یان وه‌ستاندوه، چونكه پێیانوابووه هانی ژنكوشتن ده‌دات، به‌ڵام وه‌ك بڵند ده‌ڵێت “میدیاكان به‌هه‌ڵه لهپهیامهكهم تێگه‌یشتن، ویستم بڵێم گفتوگۆ دروست بێت له‌سه‌ر روداوی خۆسوتاندن، بۆیه دامنایه‌وه لهسیدییهكهدا بۆ ئه‌وه‌ی بڕواته‌وه ئهرشیفهكانمو گوێی لێبگرنهوهو لێی تێبگه‌ن كه من دژی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م”.
بڵند ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه گۆرانی (ته‌واو) باس له‌چیرۆكێكی راسته‌قینه ده‌كات كه زۆربه‌ی گه‌نجان ئاشنان به‌و ئه‌زمونه. سه‌باره‌ت به گۆرانی (كوردستان)یش به یه‌كێك له‌گۆرانییه شیرینه‌كان ناوی برد كه بۆ یه‌كه‌مجاره گۆرانی بۆ كوردستان ده‌ڵێت.
گرنگی به جلوبه‌رگ ده‌دات…
لای زۆربه‌ی گوێگرانی، بڵند گرنگییه‌كی باش به شێوازی جلوبه‌رگی ده‌دات، به‌ڵام خۆی وته‌نی له‌سه‌ر میزاجی رۆژانه‌ی جلوبه‌رگ له‌به‌ر دهكاتو ئه‌گه‌ر بۆ شوێنێكی ره‌سمیش بچێت ئه‌وا جلوبه‌رگێكی باش له‌به‌ر دهكاتو ده‌ڵێت “له‌و روه‌وه ئه‌گه‌ر وه‌كو هونه‌رمه‌ند كۆمه‌ڵێك رێچكه نه‌شكێنم ئه‌ی كێ بیكات؟، بۆیه ئه‌و بوێرییه‌م تێدایه كه رێچكه‌ی نوێ‌و نوێگه‌ری لهجلوبهرگو كاری هونه‌ریدا بكه‌م”.
له‌هاوینی (1999)دا بڵندو ئه‌رده‌ڵان سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكایان كردووه‌و بنیویه‌تی زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه قژیان تاشیوه، ئه‌ویش بڕیاریداوه قژی بتاشێتو كاتێكیش هاتوه‌ته‌وه بۆ سوید هاوڕێكانی پێیانوتوه كه لێی جوانه، بۆیه تائێستا به‌و شێوه‌یه‌و بهپێكهنینشهوه ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه له‌ته‌مه‌نی پیریدا قژم بهێڵمه‌وه”.
گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان…
بڵند له‌دوای نزیكه‌ی بیست ساڵ دابڕان، له‌ساڵی 2010دا‌و دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌بواری ده‌رمانسازیدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، ئه‌ویش له‌سه‌ره‌تادا له‌لایه‌ن كۆمپانیای (ئاوامێدیكا) بۆ دروستكردنی ده‌رمان له‌هه‌ولێر داوای لێكراوه بگه‌ڕێته‌وه‌و كاریان له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌ویش قبوڵكردووهو تا مانگێك ویستویه‌تی به‌شێوه‌ی ئه‌زمون كاریكردووه‌و دواتریش بڕیاریداوه به‌یه‌كجاریی بگه‌ڕێته‌وه، بۆیه ئێستاش له‌هه‌ولێر زۆر موڕتاحهو ده‌ڵێت “سه‌ره‌تا دوودڵ بووم، به‌ڵام كه هاتمه‌وه‌و دوای مانگێك بڕیارمدا به‌ته‌واوی بگه‌ڕێمه‌وه، لێره زۆر موڕتاحمو حه‌زیشم لهگهرمایهو كه‌شوهه‌واو ژیانی كوردستان‌م پێخۆشه”، به‌ڵام دواتر بڵند له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌دا كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت بهدهرمانیان داناوه كار ده‌كه‌ن.
بڵند بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌لبومه‌كه‌ی، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (ڤین تیڤی) ویستویه‌تی رێككه‌وتن بكات‌و هه‌نگاوی باشیشیان بڕیبوو، به‌ڵام دواتر ئه‌و، په‌شیمان بووه‌ته‌وه، چونكه سیسته‌مه‌كه‌ی ئه‌وانی به‌دڵ نه‌بووه‌و بڕیاریداوه خۆی ئه‌ركی بڵاوكردنه‌وه‌ی بگرێته ئه‌ستۆ. كاری هونه‌ریی 10 به‌رهه‌میان له‌وڵاتی توركیا كاره‌كان به‌كوالێتی به‌رزو ماوه‌یه‌كی كه‌م ته‌واو دهبنو وتی “دوودڵ نیم له‌توانای موزیسیانهكانی خۆمان، به‌ڵام به‌ڕاستی ئیشم زۆر بوو، بۆیه پێم باشبوو بڕۆمه توركیا بۆ ئه‌لبومه‌و دوو تراكیشم له‌وڵاتی سوید كردووه”.
بڵندو هاوسه‌رگیری..
بڵند هێشتا نه‌چوه‌ته ژیانی هاوسه‌رییه‌وه‌و ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش بهگهورهترینو قورسترین بڕیار ده‌زانێت له‌ژیانی هه‌موو مرۆڤێكداو ده‌ڵێت “له‌و پڕۆسه‌یه كه‌م ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام یانسیبه، چونكه ئه‌گه‌ر باشبوو ئه‌وا ده‌بیته به‌خته‌وه‌رترین كهسو ئه‌گه‌ریش وا نه‌بوو ده‌بیته به‌دبه‌خترین كه‌س”، بڵند له‌و روه‌وه ترسی هه‌یه‌و خۆی به‌كه‌سێكی جیاواز ده‌زانێ كه ئایا به‌رامبه‌ر قبوڵی ده‌كات یان نا، بۆیه جارێ نه‌چوه‌ته ئه‌و ژیانه‌وه، به‌ڵام ئیمانیشی به‌وه‌یه كه ره‌نگه لهلهحزهیهكدا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی لا دروست ببێت.
ده‌بێته ئه‌كته‌رو پێشكه‌شكار..
ئه‌م هونه‌رمه‌ند له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ئاشكرایكرد كه وه‌كو ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌فیلمێكدا به‌شداری ده‌كات كه له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر به‌رزدا كاری بۆ ده‌كرێ‌و تا كۆتایی ئه‌مساڵ فیلمه‌كه ته‌واو ده‌كرێت، به‌ڵام ئاشكرایكرد كه هه‌تا ئێستا نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌نجامی كۆتایی، جگه له‌وه‌ش پڕۆژه‌ی كاری میدیایی به‌ده‌سته‌وه‌یه كه داوای لێكراوه ببێته پێشكه‌شكار، به‌ڵام به‌رنامه‌كه هونه‌ریی نییه‌و جارێ بڕیاری كۆتایشی نه‌داوه.
“تكایه كۆپی مه‌كه‌ن”
ئه‌و، پێیوایه ئه‌و نرخه‌ی دایناوه بۆ فرۆشتنی ئه‌لبومه‌كه‌ی كه پێنج هه‌زار دیناره “گونجاو”هو زۆر نییه‌و داوایان لهدابهشكارهكانی ئه‌لبومه‌كه كردووه كه زۆربه‌ی قازانجه‌ی بۆ تۆمارگاكان بێت بۆ ئه‌وه‌ی هانبدرێن نوسخه‌ی ئۆرجیناڵ بفرۆشن‌و وتی “سوپاسی هۆگرانی هونه‌ریی خۆم ده‌كه‌م كه به‌مجۆره به‌رفراوانه پێشوازییان له‌ئه‌لبومی بابه كرد‌و رێز‌و سڵاوم هه‌یه بۆیان”.
ئا: پشتیوان جه‌مال